بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل بە بەرزترین رێژەی بەشداری لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ کردەوە. ئەنجامە بەراییەکان دەریاندەخەن کە هەردوو بەرەی نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت بە نزیکەی 51 کورسی لە پەرلەمان (کنێست) یەکسانن، ئەمەش کەمترە لە 61 کورسیی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت. لە بەرامبەردا، لیستە عەرەبییەکان سەرکەوتنێکی بەرچاویان تۆمارکردووە و چاوەڕوان دەکرێت 17 بۆ 18 کورسی مسۆگەر بکەن. لەم دۆخەدا، ئیسرائیل لە بەردەم چوار سیناریۆدایە:
- پێکهێنانی هاوپەیمانیی زۆرینە (61 کورسی): ئەم رێگەیە پڕە لە ئاستەنگ. سەرۆکی ئیسرائیل ئەو بەربژێرە رادەسپێرێت کە زۆرترین چانسی هەیە. بۆ نەتەنیاهوو کۆکردنەوەی کورسیی زیاتر قورسە دوای ئەوەی بەشێک لە پارتە راستڕۆ بچووکەکان نەیانتوانی بەربەستەکە ببڕن. بۆ ئایزنکۆتیش قبووڵکردنی پارتە عەرەبییەکان قورسە بەهۆی دوورەپەرێزییەکانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا. ئەم دانوستاندنانە کاتی زۆریان دەوێت، وەک چۆن لە 2022دا نەتەنیاهوو 58 رۆژی پێچوو بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.
- پێکهێنانی حکوومەتی کەمینە بە پاڵپشتیی عەرەب: ئەگەر هیچ لایەنێک نەگاتە 61 کورسی، پەرلەمانتارانی عەرەب دەبنە هێزی یەکلاکەرەوە. پارتی رەعەم پێشتریش لە کابینەی بینێت-لاپید بەشدار بووە، و لیستی هاوبەشیش ئامادەیە ببێتە تۆڕی پارێزەری هەر لایەنێک کە نەتەنیاهوو دووربخاتەوە.
- حکوومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی (نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت): لێرەدا نەتەنیاهوو هاوپەیمانە تووندڕۆ و ئۆرسۆدۆکسەکان وەلا دەنێت و لەگەڵ ئایزنکۆت هاوپەیمانی دروست دەکات. سەرەڕای ئەوەی 55٪ـی ئیسرائیلییەکان پێیان باشترە، بەڵام ئەم بژاردەیە لە 2020 تەنیا یەک ساڵی خایاند، هەروەها هەڵمەتی ئایزنکۆتیش لەسەر بنەمای "نا بۆ مانەوەی نەتەنیاهوو" بووە.
- بنبەستی سیاسی و هەڵبژاردنی نوێ: بەربژێری راسپێردراو تەنیا 28 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی حکوومەت (بە ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 رۆژ). ئەگەر شکست بهێنێت، وڵات دەچێتەوە قۆناخی دەنگدانی نوێ، هاوشێوەی قەیرانی 2019 بۆ 2021 کە لە کەمتر لە دوو ساڵدا چوار هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.




