لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە 31ـەمین لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک دیداری باڵای دیپلۆماسی و ئەمنیی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجام دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەشداریی لە لووتکەی کەشوهەوادا کرد و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەشدا، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام دا.

مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا یەکێک لە دیارترین دیدارەکان، کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و جەخت لە گرنگیی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان کراوەتەوە. هەروەها، دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تەوەرێکی سەرەکی بوو؛ نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا کردەوە و هیوای خواست سەرۆک شەرع سەردانی بەغدا و هەولێر بکات.

کۆبوونەوە لەگەڵ گۆتێرێس، ڤۆن دێر لاین و پاشینیان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و دۆخی گشتیی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستە بەر باس. هاوکات لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوادا تاوتوێ کران. هەر لە پەراوێزی لووتکەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دیدارێکی لەگەڵ نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ئەنجام دا و تێیدا فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش تاوتوێ کران و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کرایەوە. هەروەها چاوی بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کەوت.

دیدارە ئەمنییەکان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە چوارچێوەی هاوکێشە ئەمنییەکاندا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و هاریکاریی هاوبەشی بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەکان تاوتوێ کرد. دواتریش لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) کۆبووەوە، و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنیی سێقۆڵیی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر کردەوە. جگە لەوەش، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.

لە لایەکی دیکەوە، تیمی دەزگای روانگە کە بەشدارییان لە کۆنفرانسی COP31 کردووە، لە نزیکەوە چاویان بە نێچیرڤان بارزانی کەوت. ئامانجی دەزگاکە خستنەڕووی پڕۆژە ژینگەییەکانییەتی، وەک دارستانەکانی روانگە، وزەی خۆر، گلدانەوەی ئاو و چاندنی یەک ملیۆن دار بەڕوو، بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.