لە گورزێکی کتوپڕ و بێپێشینەدا بۆ سەر بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان، پلاتفۆرمی باینانس کە گەورەترین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانە لە جیهاندا، رووبەڕووی گەورەترین هێرشی سایبەری بووەوە لە مێژوودا، کە بەهۆیەوە بڕی 6.3 ملیار دۆلار بە نایاسایی راکێشرا، هەرچەندە توانراوە نزیکەی نیوەی ئەو پارەیە سڕ بکرێت.
رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای باینانس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە تۆڕی بلۆکچەین، تاوەکو ئێستا توانیویانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار لە داراییە بەئامانجکراوەکان لەسەر تۆڕەکە بلۆک و سڕ بکەن. هاوکات بۆ سەلامەتیی زیاتر، کۆمپانیاکە سەرجەم پرۆسەکانی دانان و کشانەوەی پارەی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە تاوەکو پشکنینە ئەمنییەکان تەواو دەبن.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە رێگەی هاککردنی لاپتۆپی یەکێک لە ئەندازیارانی گەشەپێدانی کۆمپانیاکەوە ئەنجامدراوە، بەوەش لایەنی هاککەر توانیویەتی دەستی بگاتە کۆنتێنەری خزمەتگوزارییەکان و مامەڵەی راکێشانی پارە جێبەجێ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ دزەپێکردنێک لە کلیلە تایبەتەکانی جزدانە دیجیتاڵییەکان رووینەداوە، و بەڵێنی دا کە تەواوی زیانە داراییەکانی بەکارهێنەران قەرەبوو بکاتەوە.
ئەم رووداوە بە گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی لە مێژووی دراوی دیجیتاڵیدا دادەنرێت و قەبارەکەی چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە لە شوباتی ساڵی رابردوودا لە پلاتفۆرمی (بایبیت) دزرا (کە 1.5 ملیار دۆلار بوو و خرابووە ئەستۆی هاککەرەکانی سەر بە کۆریای باکوور). لە هەنگاوێکی خێرادا، پاولۆ ئاردۆینۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێزەر رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان نزیکەی 1.6 ملیار دۆلاری بلۆک کردووە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە هاککردنەکەی باینانسەوە هەبووە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە، نرخی زۆربەی دراوە دیجیتاڵییە سەرەکییەکان دابەزینێکی کتوپڕیان بەخۆوە بینی؛ نرخی بیتکۆین نزیکەی 5% و ئیسریۆم نزیکەی 6٪ دابەزین، هەروەها دراوی BNB کە تایبەتە بە باینانس، دوای ئەوەی نزیکەی 10% دابەزی، دواتر بە رێژەی 2.7% بەرزبووەوە. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە چاودێرانی کەرتی تەکنەلۆژیا نیگەرانیی خۆیان پێشان دەدەن لەوەی فراوانبوونی خێرای تواناکانی ژیریی دەستکرد لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر سیستمی ئاسایشی زانیاری و پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانی جیهانی کریپتۆ.




