لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، بە توندی سەرکۆنەی کردەوەکەی کرد و بە بەئامانجگرتنی تەواوی گەلی عێراق وەسفی کرد؛ هاوکات پشتیوانیی واشنتنی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە پێناو دۆزینەوە و سزادانی بکەران.

رۆژی دووشەممە 09-11-2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین، کە هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق. پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران زەیدی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دۆزینەوەی بەرپرسانی ئەم کارە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا."

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە 08-11-2026، کاژێر 11:00ـی شەو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر (کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت) لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ. بەپێی بەدواداچوونی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکە لە سنووری قەزای خورماتووەوە ئاراستە کراوە و بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان کەوتووە و ئاگری لێکەوتووەتەوە.

لەوبارەیەوە، کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دا کە ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانی گاز بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان. هاوکات، وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان هێرشەکەیان بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی گازەوە، 2,800 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەتەوە و سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەن.

کێڵگەی کۆرمۆر کە لە 2007ـەوە کار دەکات، شادەماری دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان. ئەم رووداوانە لە کاتێکدان کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بەردەوامە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی داوە چەک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە.