لە گەرمەی ململانێ سیاسییەکانی ئیسرائیل و دوای بەڕێوەچوونی یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای هێرشەکانی حەوتەی ئۆکتۆبەر، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی کنێست پێشڕەوییەکی بەرچاوی بەرەی بنیامین نەتەنیاهوو نیشان دەدەن. بەپێی ئەو ئەنجامانەی دوای جیاکردنەوەی 55٪ـی دەنگەکان بڵاوکراونەتەوە، پارتی لیکوود بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو بە بەدەستهێنانی 27 کورسی پێشەنگی گرتووە و کۆی کورسییەکانی بەرەی لایەنگرانی گەیشتووەتە 56 کورسی.
لە بەرامبەردا، بەرەی دژە نەتەنیاهوو (ئۆپۆزیسیۆن) بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت 49 کورسی بەدەستهێناوە و لیستە عەرەبییەکانیش 15 کورسییان مسۆگەر کردووە. بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکان کە کاژێر 7:43 بەکاتی هەولێر بڵاوکراونەتەوە، لە کۆی 120 کورسیی کنێست، دابەشبوونی پارتەکان بەم شێوەیەیە:
- بەرەی نەتەنیاهوو: 56 کورسی.
- بەرەی ئۆپۆزسیۆن: 49 کورسی.
- پارتی لیکوود (نەتەنیاهوو): 27 کورسی.
- پارتی یاشار (ئایزنکۆت): 22 کورسی.
- لیستی هاوبەش (عەرەبی): 12 کورسی.
- پارتی پێکەوە: 11 کورسی.
- تەوڕاتی جوو: 8 کورسی.
- ئیسرائیل ماڵمانە: 8 کورسی.
- هێزی جوو (بن گڤیر): 7 کورسی.
- زایۆنیزمی ئایینی (سمۆتریچ): 7 کورسی.
- شاس: 7 کورسی.
- دیموکراتەکان: 7 کورسی.
- پارتی رەعەم (مەنسوور عەباس): 4 کورسی.
بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ئیسرائیل، هەر هاوپەیمانییەک پێویستی بە لانیکەم 61 کورسی هەیە لە کۆی 120 کورسی. لە ئێستادا بەرەی لایەنگرانی نەتەنیاهوو تەنیا پێویستی بە 5 کورسیی دیکەیە بۆ گەیشتن بە زۆرینە، لە کاتێکدا بەرەی ئۆپۆزیسیۆن 49 کورسی و پارتە عەرەبییەکان 15 کورسییان هەیە. رێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتە 77.7٪، کە بەرزترین ئاستە لە ساڵی 1999ـەوە.
ئەم هەڵبژاردنە کە یەکەمینە لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چارەنووسی نەتەنیاهوو دیاری دەکات کە لەلایەن نەیارەکانیەوە بە شکستی ئەمنی تۆمەتبار دەکرێت. سەرەتا پێشکەوتنی بەرەی گادی ئایزنکۆت ئاهەنگگێڕانی لێکەوتەوە، کە تێیدا کەسوکاری بارمتەکان و سەربازانی یەدەگ هیوای گۆڕانکارییان خواست. لە بەرامبەردا، نەتەنیاهوو لە ئۆرشەلیم (قودس) بەڵێنی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزی دا، بێ ئەوەی بە فەرمی سەرکەوتن رابگەیێنێت.




