هەموو ساڵێک لە شەوی 31ـی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)، شەقام و ماڵەکانی بەشێکی زۆری جیهان بە رووناکیی کوولەکەی هەڵکۆڵراو و دەمامکی ترسناک دەڕازێنرێنەوە؛ منداڵان و گەورەکان بە جلوبەرگی تارمایی، جادووگەر و کەسایەتییە سەیرەکان دێنە سەر شەقام. سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ وەک کەرنەڤاڵێکی بازرگانی و خۆشی سەیر دەکرێت، بەڵام هاڵۆوین ریشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە باوەڕی پەیوەندیی نێوان "جیهانی زیندووان و مردووان"ـەوە سەرچاوەی گرتووە.
وشەی هاڵۆوین کورتکراوەی دەستەواژەی (All Hallows' Eve)ـە، واتە "ئێوارەی هەموو قەشەکان". لە سەدەی هەشتەمی زایینیدا، کەنیسەی کاسۆلیکی رۆژی 1ـی تشرینی دووەمی وەک "رۆژی هەموو قەشەکان" (All Saints' Day) دیاریکرد بۆ رێزگرتن لە کەسانی پیرۆز. شەوی پێش ئەو رۆژەش، کە دەکاتە 31ـی ئۆکتۆبەر، بە شەوێکی پیرۆز ناسرا بۆ ئەوەی ئەم جەژنە ئایینییە جێگەی نەریتە بتپەرستییەکانی پێش خۆی بگرێتەوە.
چیرۆکی راستەقینەی هاڵۆوین بۆ سێڵتییەکان (باپیرانی دانیشتووانی ئێستای ئێرلەندا، سکۆتلەندا و بەشێکی بەریتانیا) دەگەڕێتەوە کە لە شەوی 31ـی ئۆکتۆبەردا یادی فێستیڤاڵێکیان بە ناوی "سامهەین" دەکردەوە. لە رۆژژمێری سێڵتییەکاندا، ئەو بەروارە کۆتایی وەرزی هاوین و دروێنە و سەرەتای زستان و تاریکی بوو کە بە مەرگەوە گرێدرابوو. ئەوان لەو باوەڕەدا بوون لەو شەوەدا سنووری نێوان جیهانی زیندووان و مردووان نامێنێت و رۆحی مردووان و تارماییەکان دەگەڕێنەوە سەر زەوی.
بۆ ئەوەی رۆحە خراپەکان نەیانناسنەوە و زیانیان پێ نەگەیەنن، خەڵکی پێستی ئاژەڵ و دەمامکی ترسناکیان دەپۆشی تا خۆیان وەک رۆح پێشان بدەن و تارماییەکان بڕوا بکەن ئەوانیش لە تاقمی مردووانن. هاوکات، ئاگاری گەورەیان لەسەر گردەکان دەکردەوە و قوربانییان پێشکەش دەکرد تا لە هێزە تاریکەکان پارێزراو بن.
نەریتی هەڵکۆڵینی کوولەکە (Jack-o'-lantern) و دانانی مۆم تێیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەکی کۆنی ئێرلەندی دەربارەی پیاوێکی فێڵباز بە ناوی "جاک". کاتێک جاک مرد، نە لە بەهەشت وەرگیرا و نە لە دۆزەخ، لەبری ئەوە خەڵووزێکی داگیرساوی خستە نێو شێلمێکی هەڵکۆڵراوەوە تا لە تاریکیدا رێگەی پێ بدۆزێتەوە. کاتێک ئێرلەندییەکان کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا، کوولەکەیان وەک جێگرەوەی شێلم بەکارهێنا چونکە هەڵکۆڵینی ئاسانتر بوو.
نەریتی دەرگە لێدانی منداڵان و داواکردنی شیرینیش لە سەدەکانی نێوەڕاستەوە سەریهەڵداوە، کاتێک هەژاران لە رۆژی هەموو قەشەکاندا دەچوونە بەردەم دەرگەی ماڵە دەوڵەمەندەکان و لە بەرامبەر وەرگرتنی خواردندا، نزا و دوعایان بۆ رۆحی مردووانی ئەو ماڵانە دەکرد.




