بەپێی لێدوانەکانی حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بچنە نێو ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە پارێزگای بابل؛ هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ بەقاچاخبردنی نەوت لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە، ئەگەری ناردنی سوپا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش لە ئارادایە.

عەبوودی روونیکردەوە کە دۆسیەی جورف نەسر چەندین ساڵە وەک دۆسیەیەکی داخراو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بەڵام حکوومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیی راسپاردووە بۆ تۆمارکردنی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت. بە گوتەی ناوبراو، لە ژێر رۆشنایی راپۆرتێکی هەواڵگریدا، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی کەسایەتییەکی ئەمنی لە دەستەی حەشدی شەعبی، رۆژی هەینی لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 4:30ـی دوانیوەڕۆ پشکنینی بۆ شەش شوێن لە ناوچەکە کردووە و دەستکاریکردنی روونی لە بۆرییەکانی نەوت، هەوڵی شاردنەوەی شوێنەوارەکان، دوو پاڵاوگە، تانکەرێک و چەند کۆگایەکی دەستنیشان کردووە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلە، سەرۆکوەزیران فەرمانی بە بەخشینی ژمارەیەک بەرپرس لە پۆستەکانیان و رەوانەکردنی تێوەگلاوان بۆ دادگە کردووە، لەگەڵ راسپاردنی دەستەی دەستپاکی. هەروەها جەختی کردەوە کە بڕیاری چوونی هێزە چەکدارەکان بۆ جورف نەسر دراوە و مۆڵەتێکی دیاریکراو و نزیکیش بۆ دەرچوونی کەتایبی حیزبوڵڵا لەو ناوچەیە دانراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستی ئامادەیی هێزە عێراقییەکان لە دوای رۆژی سەروەری لە 30ـی ئەیلوول و چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، حەیدەر عەبوودی رایگەیاند کە حکوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور مامەڵە دەکات و ئاماژەی بە بوونی هاوئاهەنگی و ئاماژەی ئەرێنی کرد بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان لە بەدواداچوونی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتدا. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دا کە هەر کەسێک ببێتە رێگر لە بەردەم ئەرکی ئەو هێزانەدا رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە، و گوتی: "ئەگەری چوونی هێزەکانی سوپا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش هەیە."