رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتگیرییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی نیشان دا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "گەلی کوردستان هەرگیز هەڵوێست و دۆستایەتیی دڵسۆزانەی فەرەنسا لەبیر ناکات، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا."

لە بەرامبەردا، ئەلێکساندەر گارسیا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بایەخێکی گرنگی هەیە."

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئیمانوێل مینیۆ، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا.