نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشی لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی کۆچی دوایی براکەیەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرەخۆشیی قووڵ، هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆی بە شۆڕش ئیسماعیل و خانەوادە و کەسوکاریان گەیاند بۆ کۆچی دوایی (ئەحمەد ئیسماعیل)، پێشمەرگەی دێرین و برای وەزیری کاروباری پێشمەرگە؛ هەروەها هیوای خواست خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.

لە بەرامبەردا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی خۆی و خانەوادەکەی بۆ پەیوەندی، هاوبەشی و هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی.