رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ریم رادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان و شاندێکی یاوەری کرد، کە لە ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)، بەرپرسانی وەزارەت و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرفەتەکانی قووڵکردنەوەی هاریکاری لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری و وەبەرهێنان، هەروەها بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا دەربڕی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ فراوانکردنی زیاتری پەیوەندی و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا دووپات کردەوە.

لە بەرامبەردا، وەزیر ریم رادۆڤان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی پشتگیری و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریدا دووپات کردەوە.

لە دیدارەکەدا کە کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دۆخی ئێزدییەکان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کرا.