لە درێژەی ململانێ سیاسییە توندەکاندا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا وەڵامی لێدوانەکانی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی دایەوە و بە "سەرۆکێکی تەواو نەزان" وەسفی کرد.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نووسی: "ئۆباما سەرۆکێکی تەواو نەزان بوو! ئەو بە ملیاران دۆلار باجی بە ئێران دا و رێگەی بەردەمی بۆ خۆشکردن تاوەکو دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات". سەرۆکی ئەمریکا هەروەها تیشکی خستە سەر شکستی کەمپەینەکانی پێشووی ئۆباما لە پشتگیریکردنی هیلاری کلینٹن و کامالا هاریس لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر عەبدول سەیید، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی میشیگن کە ئۆباما بانگەشەی بۆ دەکات. ترەمپ ناوبراوی بە "پزیشکێکی ساختە" وەسف کرد و داوای لە دەنگدەرانی میشیگن کرد کە دەنگ بە مایک رۆجەرزی بەربژێری کۆمارییەکان بدەن.
ئەم کاردانەوە توندەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە، باراک ئۆباما لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە دیترۆیتی میشیگن، توندترین هێرشی کردە سەر ئیدارەکەی ترەمپ و بە تنزەوە باسی لە شێوازی نۆژەنکردنەوەی کۆشکی سپی کردبوو، هەروەها ترەمپ و کۆمارییەکانی بە بەرپرسیاری گرانیی بژێوی و هەڵگیرساندنی جەنگێکی ناپێویست تۆمەتبار کردبوو.




