رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا (دەڤا) و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر بایەخی سەقامگیری، ئارامی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ لە ناوچەکەدا کردەوە، وەک بنەمای سەرەکی بۆ بووژانەوە و پێشکەوتن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، و جەخت لەسەر بەرەوپێشەوەبردنی زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.







