لە دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد، ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت. بەگوێرەی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2019ی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی تەواوی ئەندامانی ئامادەبوو (کە 52 پەرلەمانتار بوون)، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد. بەپێی مادەی سێ لە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی، پەرلەمانی کوردستان سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێرێت بەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کە لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان - عێراقدا هەیە، تاوەکو پەسندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان.
رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک بەگوێرەی یاساکە، رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن:
- لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەرگەی خۆبەربژێرکردن دەکرێتەوە.
- خوازیاران لە ماوەی سێ رۆژدا داواکاری و سیڤیی خۆیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژدا ناوی ئەو بەربژێرانە رادەگەیێنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە.
- ئەگەر ناوی هەر داواکارێک رانەگەیێندرا، بۆی هەیە لە ماوەی دوو رۆژدا لە دادگەی تەمییز تانە بدات، و دادگەکەش لە ماوەی دوو رۆژدا یەکلایی دەکاتەوە.
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەنگدانێکی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی سێ رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت.
لە حاڵەتێکدا ئەگەر هیچ بەربژێرێک زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و کێبڕکێ لە نێوان ئەو دوو بەربژێرە دەبێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، و ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت دەبێتە سەرۆک. ئەگەر تەنیا یەک بەربژێریش هەبوو، ئەوا بە دەنگدانی ئاشکرا و بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێت.
لە کۆتایی یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە سەرۆکێک هەڵدەبژێردرێت."




