لە دوای راگیرانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە دەست پێدەکاتەوە.

رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر داواکاریی وەزارەتەکەمان، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ رەزامەندیی دەربڕی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راسپارد بۆ ئەوەی بڕی پێویستی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە." هاوکات، وەزارەتەکە دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا هیچ کێشە و کەموکوڕییەک لە گازی ماڵاندا دروست نەبێت.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە، کاژێر 11:00، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە راگیرا. دوای هێرشەکە، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هێرشەکەیان بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبرد و جەختیان لەوە کردەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت و بە زووترین کات دۆخەکە ئاسایی بێتەوە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، و لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم کێڵگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.