بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەشێکی دیکەی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نێردراوە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ زیاتر لە 63 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان." سەبارەت بە کاتی دابەشکردنیشی گوتی: "پارەکە گەیشتووە و رێکارە کارگێڕییەکانی دابەشکردن دەست پێدەکەین، بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی دەست پێدەکات."
بەپێی دابەشکاریی بڕە پارەکە بەسەر پارێزگاکاندا، 20 ملیار و 921 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی (کە جووتیارانی هەڵەبجەش لەو پشکە وەردەگرن)، هەروەها 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار وەکو پشکی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە.
ناردنی ئەم بڕە پارەیە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری بازرگانی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2026، و ئەو پشکەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە بەشێکە لەو بڕە پارەیە.
جێگەی باسە، ئەم ساڵ لە رۆژی 12ـی حوزەیرانەوە دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و تاوەکو 18ـی تەمموز نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیرا؛ بە جۆرێک 292 هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی چاندندا بوو و هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار وەرگیرا، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگیرا. ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2024دا 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبوو، بەڵام لە ساڵی 2025دا رێژەکەی بۆ 400 هەزار تۆن کەم کردەوە بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.




