لە کاتێکدا کەرکووک بەردەوام گۆڕەپانی ململانێی پێکهاتەکان بووە، پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆمەڵەی جووتیارانی پارێزگاکە کێشەیەکی نوێی لێدەکەوێتەوە، بە جۆرێک لە کۆی 20 نوێنەری هەڵبژێردراو، هیچ جووتیارێکی کورد و تورکمانی تێدا نییە. ئەمەش وای کردووە سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگا پەنا بۆ دەستەی دەستپاکی ببات بۆ رێگریکردن لە پرۆسەکە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت بۆ دیاریکردنی پێنج ئەندامی کۆمەڵەی جووتیارانی پارێزگاکە و دوو ئەندامی یەدەگ. لەم بارەیەوە، عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 20 نوێنەرەی لەسەر ئاستی قەزاکانی دووبز، حەویجە، داقووق و ناوەندی کەرکووک هەڵبژێردراون و بڕیارە ئەنجوومەنەکە هەڵبژێرن، سەرجەمیان لە پێکهاتەی عەرەبن و هیچ کورد و تورکمانێکیان تێدا نییە.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد کە سکاڵای لە دەستەی دەستپاکی تۆمارکردووە لەسەر رێکارەکانی هەڵبژاردنی نوێنەری قەزاکان، چونکە پێچەوانەی رێکارە یاساییەکان بوون؛ بۆ نموونە لە حەویجە تەنیا سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکە وادەکەی دیاریکراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسا دەبوو 15 رۆژ پێشتر رابگەیێندرێت.
ئەم کۆمەڵەیە سەر بە کۆمەڵەی جووتیاران و هاوکاریی گشتی دەبێت لە بەغدا، کە ئەرکی سەرەکیی بەدواداچوونە بۆ کێشەی جووتیاران لە عێراق. عەبدوڵڵا میروەیس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بوونی کورد لەو کۆمەڵەیەدا زۆر گرنگە، چونکە کار بۆ پشتیوانیی جووتیاران و بەدەستهێنانی شایستەکانیان دەکات، و بە پاڵپشتیی ئەو کۆمەڵەیەش جووتیاران لە باج دەبەخشرێن.




