لە پێشهاتێکی نوێدا سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سەربازیی شنگال، بڕیارە چوار هەزار و 200 بۆ 4،300 ئەندامی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) تێکەڵی ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێن.

دەخیل موراد حەسەن، سەرۆکی دەستەی عەشایریی شنگال کە سەر بە یەبەشەیە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو وردەکاریی دابەشکاریی ئەو هێزانەی خستە روو و راگەیاند: "1,000 شەڕڤان دەخرێنە سەر دەستەی حەشدی شەعبی؛ 500 کەسیان ئەرکی پاراستنی باشووری شنگال و 500ـی دیکەیان ئەرکی پاراستنی باکووری چیای شنگال لە ئەستۆ دەگرن." هەروەها ئاماژەی بە ئەوەش کرد کە 3,300 شەڕڤانی دیکە تێکەڵی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق دەکرێن و پاراستنی ناوچە شاخاوییەکان پێیان دەسپێردرێت.

سەبارەت بە چارەنووسی کارمەندانی سڤیل و شەڕڤانە بیانییەکان، سەرۆکی دەستەی عەشایریی شنگال روونیکردەوە کە نزیکەی 1,200 کەسی سڤیل هەن و کار بۆ تێکەڵکردنیان بە دامودەزگا فەرمییەکان دەکرێت. سەبارەت بە شەڕڤانە بیانییەکانیش جەختికردەوە کە تێکەڵ ناکرێن؛ بەڵکو "یان لە سلێمانی و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبن، یان دەگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان، یانیش بۆ وڵاتێکی دیکە دەڕۆن."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دەخیل موراد حەسەن ئاماژەی بە قوربانییە گەورەکانی هێزەکەیان کرد و ئاشکرای کرد که‌ تاوەکو ئێستا 5,030 شەڕڤانیان لە شنگال گیانیان لەدەستداوە و شەهید بوون، هەروەها زیاتر لە 4,000 کەسیش بریندار بوون.