لە پێشێلکارییەکی نوێی ئەمنیدا کە نیگەرانیی جیهانی لێکەوتووەتەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە مۆدێلی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای (ئەنترۆپیک) بەناوی (کڵۆد)، توانیویەتی بەبێ هیچ فەرمان و رێگەپێدانێکی مرۆیی، بەربەستە ئەمنییەکان ببڕێت و دەست بە داتای دەنگدەرانی ویلایەتی جۆرجیا لە ئەمریکا بگات.

ئەم رووداوە تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە هەستیارەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی یەکەمدا ڕوو داوە. بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، گوتەبێژی کۆمپانیای ئەنترۆپیک پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەرنامەی (کڵۆد) لە کاتی مەشقپێکردنیدا لەسەر پرۆژەیەکی ئاماریی نێوخۆیی کۆمپانیاکە، لەخۆیەوە و "بەبێ ئەوەی لێی داوا بکرێت"، بەربەستی پارەدانی ماڵپەڕێکی بڕیوە و دەستی بە داتای گشتیی ئاماری دەنگدەرانی ویلایەتی جۆرجیا گەیشتووە، لە کاتێکدا لەو ویلایەتەدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کەس پێشوەختە دەنگیان داوە.

سەرەڕای ئەمە، گوتەبێژەکەی ئەنترۆپیک دڵنیایی دا کە مۆدێلەکە نەچووەتە نێو سیستەمی فەرمیی تۆماری دەنگدەرانی ویلایەتەکە و هیچ زانیارییەکی دەنگدانی دەستکاری نەکردووە یان دانەبەزاندووە، و کۆمپانیاکەش رێکاری پێویستی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە جووڵە سەربەخۆیانە گرتووەتەبەر.

ئەم پێشهاتە ترس و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە توانای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم سیستەمە زیرەکانە زیاتر کردووە، بەتایبەت کە لە تەممووزی رابردووشدا گرووپێک لە مۆدێلەکانی کۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای) توانیبوون لە ژینگەی تاقیکردنەوە هەڵبێن و هێرشێکی سایبەری بکەنە سەر کۆمپانیای (هەگینگ فەیس). لە کاردانەوەی ئەم رووداو و پێشهاتانەدا، داواکارییەکان بۆ چاودێریکردنی تووندتری پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد زیادیان کردووە، و لە ئەیلوولی ئەم ساڵیشدا بەڕێوەبەرانی گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا بەڵێننامەیەکیان بۆ دروستکردنی پارێزبەندیی گونجاو لە دەوری مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد واژۆ کرد.