سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام) لە ئەنقەرە رایدەگەیێنێت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک نێوەندگیر و ئاسانکارێکی سەرەکی، رۆڵێکی کاریگەر لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەگێڕێت. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە چوارچێوەیەکی تەسکی ئەمنییەوە پێیان ناوەتە قۆناخێکی فرەلایەنی ئابووری، ژینگەیی و دیپلۆماسی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، پرۆفیسۆر قادر تەمیز، سەرۆکی ناوەندی ئۆرسام، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر رەهەندەکانی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە لووتکەی کەشوهەوای (کۆپ 31) لە ئەنتاڵیا و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

تەمیز ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا چەندین پرۆسەی هەستیار هاوکات بەڕێوەدەچن؛ لەوانە کشانەوە و هەڵوەشاندنەوەی چەکدارانی پەکەکە، یاسای چوارچێوە لە پەرلەمان، و رێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەسەر سەربازگەی باشیک و شنگال. ناوبراو گوتی: "لە تەواوی ئەم هاوکێشانەدا، نێچیرڤان بارزانی وەک نێوەندگیر و ئاسانکارێکی باوەڕپێکراو رۆڵ دەگێڕێت بۆ لێکنزیککردنەوەی هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە، چونکە خاوەنی دیدگایەکی فراوانە بۆ گۆڕینی دۆسیە ئەمنییەکان بەرەو سەقامگیری و هاوبەشیی ئابووری."

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتیش، ئاماژەی بەوە دا کە پاش پەسندکردنی یاسای پرۆسەی چارەسەری و پێکهێنانی لیژنەی باڵا بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، "ئێستا بڕیاری داهاتووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە و پاشان پرۆسەی گەڕانەوەیان دەست پێدەکات."

سەرۆکی ئۆرسام جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا بە بایەخ و پێزانینێکی زۆرەوە لە "هەڵوێستی ژیرانە"ی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی خاکی هەرێمی کوردستان بۆردومان کرا و کەوتە ژێر گوشار، بەڵام نەبووە بەشێک لە جەنگی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە. ئەنقەرە دەزانێت ئارامیی هەرێمی کوردستان کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری و پرۆژەی ستراتیژیی 'رێگەی گەشەپێدان'ـە." هەروەها پێشوازیکردنی ئەردۆغان و سەرکردەکانی جیهان لە نێچیرڤان بارزانی لە کۆپ 31، نیشانەی پەڕینەوەی پەیوەندییەکانە بۆ بواری دیپلۆماسی، پاراستنی ئاسایشی وزە و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.

لە کۆتاییدا، قادر تەمیز باسی لە پرسی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و هۆشداری دا کە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کێشەیەکی جدییە؛ داواشی لە پارتی و یەکێتی کرد سازش بۆ یەکدی بکەن تاوەکو یەکڕیزی بپارێزرێت و روونیکردەوە: "ئەنقەرە بە هیچ جۆرێک ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان و دووئیدارەیی ناخوازێت؛ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ بەغدا، بنەمایەکی ستراتیژییە لە سیاسەتی گشتیی دەوڵەتی تورکیادا."