نەوتفرۆشانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنن، بەراورد بە چەند رۆژێک لەمەوبەر، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە سلێمانی 50 هەزار دینار و لە هەولێر نزیکەی 40 هەزار دینار دابەزیوە، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی حکوومیدا نرخەکە زیاتر دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو جۆر نەوت هەن؛ یەکێکیان بەرمیلی بە کۆ 325 هەزار دینارە و بە 350 هەزار دینار دەگاتە ماڵان کە کواڵیتیی هەمان ئەو نەوتەیە ساڵانە دابەش دەکرێت، جۆرێکی دیکەش هەیە بەرمیلی بە کۆ 360 هەزار دینارە و بە 375 هەزار دینار دەگاتە دەست هاووڵاتییان." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتبووە 400 هەزار دینار، بەڵام دەنگۆی دابەشکردنی نەوتی حکوومی نرخەکەی دابەزاندووە و پێشبینی دەکات لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردندا نرخی بەرمیلێک بۆ 300 هەزار دینار دابەزێت.
لە شاری سلێمانیش دابەزینی نرخەکە زیاتر بووە؛ عەلی فوئاد، نەوتفرۆش لە شارەکە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی زۆر باش دەدەینە 350 هەزار دینار، لە کاتێکدا دوو رۆژ پێشتر گەیشتبووە 400 هەزار دینار." ئەو کاسبکارە هۆکارەکەی بۆ دابەشکردنی نەوتی حکوومی گەڕاندەوە و روونیکردەوە کە ئێستا خەڵکێکی زۆر نەوت ناکڕن و چاوەڕوانی بەشە نەوتی حکوومین، ئەمەش خواستی لەسەر کڕینی کەم کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، دوێنێ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە پارە خراوەتە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق بۆ ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان. هەر ئەمڕۆش بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر جەختی کردەوە کە سەرجەم رێکارەکان تەواو کراون و چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا نەوتەکە لە عێراقەوە بگاتە هەولێر و پارێزگاکانی دیکە، کە بە هەمان نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق (250 دینار بۆ هەر لیترێک) دابەش دەکرێت.




