قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت رایگەیاند کە لە کاتژمێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە مۆلیدە ئەهلییەکانی شارەکە دەست بە کارکردن دەکەنەوە تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە. هاوکات دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هیچ کێشەیەکی کەمیی غازی ماڵان بوونی نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لەگەڵ جێگری پارێزگار و نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەکان کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە مۆلیدەکان بکەونەوە کار بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نەبوونی کارەبای نیشتمانی.
بەپێی گوتەی قایمقامی سلێمانی، خشتەی کارکردنی مۆلیدەکان بەم شێوەیە دەبێت:
- ئێواران: لە کاتژمێر 4ـی ئێوارە بۆ 1ـی شەو.
- بەیانیان: لە کاتژمێر 6 بۆ 8ـی بەیانی.
- رۆژانی هەینی: لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بۆ 1ـی پاشنیوەڕۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی شەممەی داهاتوو لەسەر بنەمای نرخی گازوایل و کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان، نرخی ئەمپێرێک دیاری دەکرێت و پارە لە هاووڵاتییان کۆدەکرێتەوە.
لەبارەی دەنگۆی کەمیی غازی ماڵانیشەوە، فازڵ عومەر جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کێشەیەکی کەمیی غاز لە ئارادا نییە و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی بریکارەکانی دابەشکردنی غازەوە، تەنانەت بەبێ پێویستبوون بە فۆرمی خۆراکیش، غاز وەربگرن.




