لە هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگدا بۆ بڵاوکردنەوەی زمان و کولتووری کوردی لەسەر ئاستی جیهان، بۆ یەکەم جار بەشی زمانی کوردی لە یەکێک لە گەورەترین زانکۆکانی پایتەختی چین کرایەوە. لەم چوارچێوەیەدا، شاندێکی باڵای زانکۆی سەلاحەدین بەشدارییان لە رێوڕەسمی کردنەوەکەیدا کرد.

لە چوارچێوەی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان، شاندێکی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە سەرۆکایەتی پ. د. کامەران یونس ئەمین، سەرۆکی زانکۆ، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەیژینگی پایتەختی چین. شاندەکە بەشدارییان لە رێوڕەسمی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەیژینگ بۆ توێژینەوە بیانییەکان کرد.

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە سەردانەکەیدا بۆ بەشە نوێیەکە، پیرۆزبایی خۆی و هەرێمی کوردستانی گەیاندە سەرۆکایەتیی زانکۆکە و دڵنیایی دا لە دابینکردنی پاڵپشتیی تەواوی ئەکادیمی و لۆجیستی لە رێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

بۆ بەهێزکردنی ئەم هەنگاوە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان پ.د. کامەران یونس و د. زاو جانک، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی بەیژینگ واژۆ کرا، کە سێ خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت:

  1. پاڵپشتی ئەکادیمی: ناردنی مامۆستای شارەزای زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدینەوە بۆ چین بە مەبەستی وانەگوتنەوە بۆ سیمستەرێک یان چەند بابەتێک.
  2. پاڵپشتی لۆجیستی: دابینکردن و ناردنی سەرچاوە و پەرتووکی کوردی بۆ کتێبخانەی بەشەکە لە زانکۆی بەیژینگ.
  3. ئاڵوگۆڕی خوێندکاران: رەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندکارانی چینی تاوەکو سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی راهێنانی پراکتیکی لە زمان و فەرهەنگی کوردیدا.

جێگەی باسە، پێشتر سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لەو زانکۆیە چینییە سەردانی زانکۆی سەلاحەدینی کردبوو و بۆ ماوەی چوار مانگ لە هەولێر مابووەوە، کە تێیدا بەشداری لە خولی ئەکادیمیی زمانی کوردی و چالاکییەکانی زانکۆدا کردبوو. لە بەرامبەریشدا، زانکۆی سەلاحەدین یەکەم زانکۆیە لەسەر ئاستی عێراق کە بەشی زمانی چینی کردووەتەوە و ئێستا خوێندکار و دەرچووشی هەیە.

سەبارەت بە گرنگیی "زانکۆی بەیژینگ بۆ توێژینەوە بیانییەکان"، ئەم ناوەندە ئەکادیمییە لە ریزبەندیی شانگەهای (ARWU) لە نێوان نزیکەی 3,000 زانکۆی چیندا پلەی یەکەمی هەیە لە گرنگیدان بە زمان، و بەپێی پلاتفۆرمی (QS)ـی نێودەوڵەتی پلەی 18ـیەمی جیهانی لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا هەیە. زانکۆکە بە "لانکەی دیپلۆماتکاران" ناسراوە بەهۆی کارکردنی زیاتر لە سێ هەزار دەرچووی لە کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەکانی چیندا. هەروەها، زانکۆکە گرێبەست و هاوبەشی ئەکادیمیی لەگەڵ 300 زانکۆی دیاری جیهاندا هەیە (وەک کەیمبرج، شیکاگۆ و تۆکیۆ) و 101 زمانی تێدا دەخوێندرێت.

بەشی زمانی کوردی دەبێتە یەکەم بەش لە تەواوی کۆماری میللی چیندا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خوێندنە بیانییەکان. سیستمی خوێندنەکەی 4 ساڵەیە و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە دەرچووان دەبەخشێت، و لە ئێستاشدا 11 قوتابیی چینی وەک یەکەم قۆناخ دەستیان بە خوێندن لەم بەشەدا کردووە.