دوای زیاتر لە دوو ساڵ راوەستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.

کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان لێدرا. لە دانیشتنەکەدا 39 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، 9 پەرلەمانتاری سەربەخۆ، و پەرلەمانتارێکی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەشدارییان کرد. پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ئەردەڵان محەممەد، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون و بە ئامادەبوونی 50+1ـی پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە یاساییە و بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت.

یەکێک لە پێشهاتە دیارەکانی ئەم دانیشتنە، راگەیاندنی سەربەخۆیی سێ پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. هەردی سەڵاح، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە رۆژی سێشەممە کشانەوەی خۆی لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاندبوو، بە رووداوی گوت: "پەکخستنی پەرلەمان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە بە شانازییەوە هاتووم بۆ کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بەوپەڕی قەناعەتەوە بەشداریی کردووە، هیچ فشارێکی لەسەر نەبووە، و بە ئەرکێکی نیشتمانیی دەزانێت.

کەمێک دواتریش، نیشتمان ناوپردانی، کە ئەویش پەرلەمانتارێکی دیکەی یەکێتی بوو، گەیشتە تەلاری پەرلەمان و لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەشداریی دانیشتنەکەی کردووە و لە دانیشتنەکانی داهاتووشدا ئامادە دەبێت.