لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و زستان، گۆڕانکاری بەسەر نرخی سووتەمەنیدا دێت؛ لە کاتێکدا نرخی یەک لیتر گازی بازرگانی (نەوتی سپی) لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە پارێزگای هەولێر بەپێچەوانەوە نرخەکەی رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی لیترێک گازی بازرگانی لە سەرجەم بەنزینخانەکان بۆ 500 دینار دابەزیوە، لە کاتێکدا دوو رۆژ لەمەوبەر لیترێک گاز بە 600 دینار دەفرۆشرا."

سەبارەت بە هۆکاری ئەم دابەزینە، عومەر عەبدوڵڵا روونیکردەوە کە هاونیشتمانییان خواستیان لەسەر گازی بازرگانی نەماوە و پێویست ناکات بچن لە بەنزینخانەکان بیکڕن، چونکە مانگانە بڕی پێویستیان بەسەردا دابەش دەکرێت. هەروەها دڵنیاییشی دا کە بۆ وەرزی زستان گازی پێویست کۆگاکراوە و گوتی: "هاونیشـتمانییان دڵنیا دەکەینەوە هێندە گازمان کۆگا کردووە کە ئەم زستانە کەس پێویستی بەوە نابێت لە بەنزینخانەکان گاز بکڕێت و نرخەکەشی بەرزنابێتەوە."

هەر لەم چوارچێوەیەدا، لە ئیدارەکانی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش نرخەکەی بۆ 475 دینار دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئاداری ئەمساڵدا نرخی لیترێک گاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتبووە 1400 بۆ 1600 دینار. لە لایەکی دیکەوە، رێبین حەیدەر، گازفرۆش لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی لیترێک گاز لە شارەکەیاندا دابەزیوە بۆ 495 دینار، کە تەنیا دوو رۆژی پێش ئێستا 560 دینار بوو.

لە بەرامبەردا لە شاری هەولێر نرخەکە بەرزبووەتەوە. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، جەمال ساڵح، خاوەنی بەنزینخانەی (قەساب) لە هەولێر، روونیکردەوە کە بەراورد بە سێ رۆژ پێش ئێستا، نرخی لیترێک گاز 75 دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 595 دینار. ناوبراو هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەشی بۆ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما گەڕاندەوە، بەو پێیەی هاونیشتمانییان بۆ خۆگەرمکردنەوە روو لە کڕینی ئەو سووتەمەنییە دەکەن.