لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دادگای عێراق سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا سەپاند و پابەندی کرد بە گەڕاندنەوەی بڕی 55 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە دادگا ئەم سزایەی بۆ حوسێن تاڵب، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیاکە دەرکردووە، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی و وەک گەندەڵی ئەو بڕە پارە خەیاڵییەی بردووە. بەپێی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکە بەهۆی سوودمەندبوونی ناڕەوا لە گرێبەستێکی پەیوەست بە پاڵاوگەکانی باکوور، پارەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بەکار هێناوە؛ هەر بۆیە دادگا بڕیاری داوە سەرەڕای سزای زیندانیکردنەکە، دەبێت تەواوی پارەکەش بگەڕێنێتەوە.