لە زەنگێکی هۆشداریدا سەبارەت بەو نەخۆشییەی بە "بکوژە بێدەنگەکە" ناسراوە، نوێترین توێژینەوەی زانکۆی ئۆکسفۆرد ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە نیوەی تووشبووان بە بەرزیی پەستانی خوێن بە تەواوی بێئاگەن لەوەی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە جەستەیانی داگیرکردووە، بەو هۆیەوە هیچ جۆرە چارەسەرێک وەرناگرن.

دکتۆر وەنیو لیو، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لەسەر ئاماری پەستانی خوێن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەریخستووە، توێژینەوەکەیان پشتی بە پشکنینی پەستانی خوێنی نزیکەی 1.4 ملیۆن کەس لە ئینگلتەرا بەستووە.

بەپێی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە، نزیکەی 59٪ی تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن ئاگاداری دۆخی تەندروستیی خۆیان نەبوون و هیچ دەرمانێکیان بەکارنەدەهێنا. دەرکەوتووە کە رێژەی بێئاگایی لە نەخۆشییەکە لە پیاواندا زیاترە و دەگاتە 42٪، لە کاتێکدا لە خانماندا 29٪ بووە. هەروەها رێژەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، کە لە 15٪ بۆ تەمەنی 18 بۆ 39 ساڵ دەست پێدەکات و لە تەمەنی سەروو 80 ساڵی دەگاتە 71٪. گرفتێکی دیکەش ئەوە بووە کە نیوەی ئەو کەسانەی دەرمانیان بەکارهێناوە، هێشتا پەستانی خوێنیان لە ئاستێکی سەلامەتدا نەبووە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بۆ رێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رێنوێنیی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە دەکات:

  • کەمکردنەوەی خوێ لە ژەمەکاندا.
  • نەخواردنی خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە، ڤەیپ و کحوول.
  • زۆرخواردنی سەوزە و میوەکان.
  • ئەنجامدانی وەرزش و چالاکیی جەستەیی بەردەوام.
  • پاراستنی کێشێکی رێک و تەندروست.

لە کۆتاییدا، پسپۆڕانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رێنوێنی دەدەن کە هاووڵاتییان پێویستە بەردەوام و لە کاتی دیاریکراودا پەستانی خوێنیان بپشکنن، چونکە تەنیا پشتبەستن بە دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە کارێکی زۆر هەڵەیە و رەنگە کار لە کار بکەوێت.