رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد بەشداریی کارای تێدا بکەن و ناکۆکی و جیاوازییەکانیان بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە لەنێو پەرلەماندا چارەسەر بکەن.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیی ئیرادەی تەواوی خەڵکی کوردستانە. هەروەها هیوای خواست ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر و هاندەر بێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و رەخساندنی زەمینەیەکی باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە "گفتوگۆ، سازان و هاوبه‌شیی نێوان تەواوی هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن"، و دووپاتی کردەوە کە سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.

جێگەی باسە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ راوەستان، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و فراکسیۆنە جیاوازەکان، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.