بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی خەرجکردنی شایستە داراییەکان، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی پێکرد، و چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، پارەکە بنێردرێت.

رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، زیرەک تەیار زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ـی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەستی پێکردووە و لە رۆژانی داهاتوودا تەواو دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستی پێکردووە و بەشێکی بەرچاوی فەرمانبەران مووچەیان وەرگرتووە. پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشکردنەکە تەواو بێت و ئەگەر هیچ ئاستەنگێک نەیەتە پێش، راستەوخۆ پارەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ لیستەکە رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراوە بۆ وردبینی و پرۆسەکە دەستی پێکردووە. ئەوەشی خستەڕوو کە هەر کاتێک پارەکە بنێردرێت، ئەوان ئامادەن و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.

جێگەی باسە، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی 10 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد. پێشتریش پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە 11 تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو بوو.