دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێیوایە پشتیوانییە ئاشکراکەی ئەو بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە بەهێزکردنەوەی پێگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممەی کنێستدا و لە شکستێکی گەورەوە گەڕاندوویەتیەوە بۆ بردنەوە.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "کاتێک سەرۆک ترەمپ پشتیوانیی لە بیبی نەتەنیاهوو کرد، دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەوە؛ ئێستا لەبری شکستێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرۆکوەزیرانێکی مەزن، وەک گەڕانەوەیەکی گەورە لە دواوە بۆ یەکسانبوون یان تەنانەت بردنەوەیەک بۆ نەتەنیاهوو دەردەکەوێت. هەموو ئەمانە لە دوای پشتیوانییەکەی سەرۆک ترەمپەوە روویاندا، کە تەنیا ئەوەی دەوێت کە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشە!".

جێگەی سەرنجە کە تەواوی پۆستەکە وەک قسەی وەرگیراوی کەسێکی دیکە (کۆتەیشن) نووسراوە و روون نییە ئایا ترەمپ قسەی شیکەرەوەیەکی گواستووەتەوە کە لە کەناڵێکی هەواڵییەوە گوێی لێبووە، یان بە شێوازی کەسی سێیەم باسی خۆی دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی تێکساس، لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل. لە وەڵامدا ترەمپ گوتی: "لە ئەنجامە بەراییەکانی دوای دەنگدانەوە، گوێم لێبووە کە نەتەنیاهوو ئاستێکی زۆر باشی هەبووە. پێموایە کاتێک پشتیوانییەکەم راگەیاند، ئەوە یارمەتییەکی زۆری دا." هەروەها کاتێک لێی پرسرا ئایا لەوەتەی ئەنجامەکان دەرکەوتوون قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە، ترەمپ رایگەیاند کە هێشتا قسەیان نەکردووە.