لە دەستکەوتێکی گەورەی بواری فڕۆکەوانیدا، کۆمپانیای فلای ئەربیل بە فەرمی بڕوانامەی کارپێکردنی هێڵی ئاسمانی (AOC)ـی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقەوە پێبەخشرا، بەمەش وەکو کۆمپانیایەکی گوێزەرەوەی نیشتمانی (ناقل وطني) جێگەی خۆی قایمتر کرد.

رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رێوڕەسمێکی تایبەت بەم بۆنەیەوە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی دیپلۆماسیی بیانی بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، دەستکەوتێکی گەورە بۆ شاری هەولێر، هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکەین." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان فراوانکردنی پەیوەندییە ئاسمانییەکانە لە رێگەی هەولێرەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق، ناوچەکە و ئەورووپا، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی "متمانەپێکراو، سەلامەت و رێکخراو".

لە لایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و گوتی: "فلای ئەربیل دەبێتە براندێک و رایەڵەیەکی بەهێز بۆ ناساندنی زیاتری شارەکەمان." هەروەها تیشکی خستە سەر رەخساندنی هەلی کار و گرنگیی هەبوونی هێڵێکی ئاسمانیی خۆماڵی کە گەشتیاران "بە زمانی کوردی بەخێرهاتن" دەکرێن.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، باسی لە گرنگیی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە کرد و روونیکردەوە کە فڕۆکەخانەی هەولێر بەشێکە لە چیرۆکی سەرکەوتنی ئەم کۆمپانیا نیشتمانییە. هاوکات ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند: "جارێکی دیکە سەلماندمان هەولێر هەر هەولێرە. هەولێر ناوێکی پیرۆزی هەیە و لەسەر هەر بابەتێک دابنێیت، ئەو بابەتە گەورە دەبێت،" و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیاکە لە جانتای گەنجێکی هەولێرییەوە دەستی پێکرد و ئەمڕۆ خاوەنی چەندین فڕۆکەی پێشکەوتووە.

کۆمپانیای فلای ئەربیل کە لە ساڵی 2015 دامەزراوە و لە 2018دا یەکەم گەشتی بۆ ستۆکهۆڵم ئەنجام دا، لە ئێستادا گەشت بۆ چەندین وڵاتی وەکو ئەڵمانیا، دانیمارک، هۆڵەندا، بەریتانیا، تورکیا، ئیمارات و لوبنان دەکات. بەدەستهێنانی بڕوانامەی (AOC) رێگە خۆش دەکات بۆ ئەنجامدانی گەشتی راستەوخۆی زیاتر بۆ ناوخۆ و جیهان.