لە توێژینەوەیەکی نوێی تەندروستیدا کە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەو کەسانەی حەز بە خەوی رۆژ دەکەن، دەرکەوتووە کە خەوتن لە کاتەکانی رۆژدا لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە لەنێو کەسانی بەساڵاچوودا.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەکە کە لەلایەن قوتابخانەی تەندروستیی گشتیی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا ئەنجام دراوە، ئەو بەشداربووانەی کە زۆرترین کات لە رۆژدا خەوتوون، بە رێژەی 48٪ مەترسیی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە دەگمەن خەوتوون یان هەرگیز لە رۆژدا نەخەوتوون.

لەبارەی هۆکاری ئەم حاڵەتەوە، د. کینینگ جیانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیکردووەتەوە: "خەوتن لە رۆژدا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تێکچوون و پچڕانی خەوی شەوانە، کە ئەمەش راستەوخۆ مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاد دەکات."

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و رێکخستنەوەی خەو، د. زیشان خان، سەرۆکی پزیشکیی بەساڵاچووان لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی جێرسی شۆر، چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ باشترکردنی خەوی شەوانە دەخاتەڕوو، کە بریتین لە:

  1. دانانی خشتەیەکی رێکوپێک بۆ کاتی خەوتن و هەستان لە خەو.
  2. بەرکەوتن بە تیشکی خۆر لە کاتەکانی بەیانیاندا.
  3. خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی کافاین پێش کاتی خەوتن.
  4. خەوتن لە ژوورێکی ئارام، فێنک و تاریکدا.