لەکاتێکدا یانەی ئامەدسپۆر بە ئاستێکی بەرزەوە پێشەنگی خولی یانە پلە نایابەکانی تورکیای گرتووە، قەیرانێکی نوێ بەر لە یارییە گرنگەکەیان لە ئەنقەرە دروست بووە. یانەکە، کە بڕیارە رۆژی شەممە 10-10-2026 ببێتە میوانی یانەی گەنچلەربیرلیغی لە گەڕی حەوتەمی سوپەرلیگ، رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی توندی هاندەرانی بووەتەوە. هۆکارەکەشی دەستنەکەوتنی بلیتی یارییەکەیە، لە کاتێکدا فرۆشی بلیت بۆ هاندەرانی یانەی خانەخوێ دەستی پێکردووە.

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی یانەی گەنچلەربیرلیغی، نرخی بلیتەکانی یارییەکە بە گوێرەی شوێنی یاریگە لە 750 لیرە (15 دۆلار)ـەوە دەستپێدەکات و بەرزترینی 5000 لیرە (نزیکەی 100 دۆلار)ـە. لە کاتێکدا نرخی بلیتی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە پلیکانەکانی تایبەت بە میوان بە 975 لیرە (نزیکەی 20 دۆلار) دیاری کراوە، بەڵام بلیتەکانی هاندەرانی ئامەدسپۆر هێشتا نەخراونەتە بازاڕەوە. تاوەکو ئێستا کاتی خستنەڕووی بلیتەکانی هاندەرانی میوان روون نەبووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایی توندی هاندەرانی ئامەدسپۆری لێکەوتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کێشەی پێکان یانەی گەنچلەربیرلیغی، یانەکەی پایتەختی تورکیای تووشی شڵەژان کردووە. پێشبینی دەکرێت ئاداما تراورێ کە لە یاریی بەرامبەر باشاکشەهیر تووشی پێکان بوو و ئەم وەرزە لە شەش یاریدا بەشداریی کردبوو، نزیکەی سێ هەفتە لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە. هەروەها ئۆغوڵجان ئولگون، یاریزانی هێڵی ناوەڕاست کە ئەم وەرزە لە شەش یاریدا بەشداریی کردووە، بەهۆی پێکان لە کاتی مەشقەکاندا ناتوانێت لە یارییەکەی بەرامبەر ئامەدسپۆر یاری بکات. هاوکات پێکانی تیدیان نیاس و کێڤن رۆدریگێز بەردەوامە و ئەم یارییەش ناتوانن بەشداری بکەن.

ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە شەش یاریدا، بە جیاوازیی گۆڵ لە پێش گاڵاتاسارایە (کە ئەویش 13 خاڵی هەیە) و یەکەمی خولی پلە نایابی تورکیایە. یانەکانی بێشکتاش و کۆجائەلیسپۆر بە 12 خاڵ پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە. یانەی گەنچلەربیرلیغی کە نوێنەرایەتیی ئەنقەرە دەکات، لە شەش یاریدا حەوت خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی 13ـیەمدایە.