لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی، گاڵتە بە ماو تسی تۆنگی سەرۆکی پێشووتری چین دەکات و بە دیکتاتۆر ناوی دەبات، کاردانەوەکانی پەکین بە توندی بەردەوامن و قەیرانێکی گەورەی بۆ یاریزانەکە و خولی ئیسپانی دروست کردووە.

بەهۆی ئەم رووداوەوە، چەندین کۆمپانیای چینی کە گرێبەستی رێکلامیان لەگەڵ ئێمباپێ هەبوو، دەستبەجێ گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە. وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێ داوە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەکە ساڵانە لە 7 ملیۆن یۆرۆ بێبەش ببێت. هاوکات، هەرچەندە ئێمباپێ بە فەرمی داوای لێبوردنی کردووە، بەڵام حکوومەتی چین بڕیاری داوە بە توندی بەگژ لێدوانەکانیدا بچێتەوە.

کاردانەوە تووڕەکانی چین تەنیا لە دژی ئێمباپێ نەبوون، بەڵکو تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین پەخشی یارییەکانی لالیگای بە تەواوی راگرت. بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکە، خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، هەنگاوی خێرای ناوە و وێڕای داوای لێبوردن، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' رایگەیاند کە لەگەڵ باڵیۆزی چین لە ئیسپانیا کۆبووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەنگژەیە.

تێباس جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لالیگا هاوئاهەنگییەکی پتەوی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی چین، دەستەکانی تۆپی پێ، و کۆمپانیاکانی پەخشی ئەو وڵاتەدا هەبووە. ناوبراو هیوای خواست ئەم هاوئاهەنگییە و رێکەوتنە ستراتیجییەکانیان کە تاوەکو ساڵی 2029 درێژ دەبێتەوە، بەردەوام بێت.

لە کۆتاییدا سەرۆکی لالیگا رایگەیاند: "ئەم پەیوەندییە بەتینە لەسەر بنەمای رێز، متمانە و هاوکاری بونیاد نراوە، دەبێت پارێزگاریی لێ بکەین و ئەو رووداوە دوور لە رێکەوتنەکانمان هیچ کاریگەرییەکی لەسەری نەبێت، چونکە چین هاوبەشێکی ستراتیجیی لالیگایە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە."