لەکاتێکدا نەخۆشییەکانی دڵ بە یەکێک لە بکوژە سەرەکییەکانی جیهان دادەنرێن، نوێترین توێژینەوەی کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ ئومێدێکی گەورە دەبەخشێت و ئاشکرای دەکات، تەنیا بە پەیڕەوکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی بەرزیی پەستانی خوێن، دەتوانرێت ساڵانە ژیانی سەدان هەزار کەس لە مەرگێکی مسۆگەر رزگار بکرێت.

بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ، باشترکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان بۆ بەرزیی پەستانی خوێن دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەم بکاتەوە.

دکتۆر سکۆت پیلا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لەم بارەیەوە دەڵێت: "کۆنتڕۆڵکردنی بەرزیی پەستانی خوێن ژمارەی گیانلەدەستدانی کەم کردۆتەوە لەو نەخۆشانەی کێشەی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە، دوای ئەویش بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین بۆ کۆلیسترۆڵ و کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن دێت."

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، چاودێریکردنی تەندروستی بۆ نزیکەی 80٪ لەو کەسانەی نەخۆشیی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە، دەتوانێت ساڵانە رێگری لە 518,476 حاڵەتی مردن بکات کە بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە روودەدەن. هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ دەتوانێت ساڵانە 340,682 کەس لە مردن رزگار بکات، لە کاتێکدا کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن لە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەدا دەتوانێت رێگری لە 309,520 حاڵەتی مردن بکات.

لە پێناو پاراستنی تەندروستیدا، کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ چەند رێنوێنییەکی گرنگ بۆ خۆپاراستن لە بەرزەپەستانی خوێن دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  1. بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
  2. بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
  3. خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو.
  4. بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
  5. وەرگرتنی بڕێکی دیاریکراو لە کالۆریی رۆژانە.
  6. سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
  7. کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحوول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
  8. هەبوونی خەوێکی باش و رێک.
  9. دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
  10. بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و ئەنجامدانی راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون.