یەکێتیی تۆپی پێی کەنداو، خشتەی یارییەکانی وەرزی 2026/2027ـی پاڵەوانێتییەکەی راگەیاند، کە تێیدا یانەی هەولێر وەک نوێنەری کوردستان لە کۆمەڵەی سێیەمدا شانبەشانی یانەکانی ئیتیفاقی سعودی، عەجمانی ئیماراتی و کازمەی کوێتی رکابەری دەکات.

لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا، زەردپۆشەکان شەش یاری ئەنجام دەدەن، کە سێ لەو یارییانە لەبەردەم هاندەرانیان لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچن. یەکەمین وێستگەی یانەکەش لە رۆژی 14ـی مانگی 10ـی 2026 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و بەرامبەر یانەی عەجمانی ئیماراتی دەبێت.

خشتەی سەرجەم یارییەکانی یانەی هەولێر لە قۆناغی کۆمەڵەکان بەمشێوەیە دەبێت:

  • گەڕی 1: عەجمان × هەولێر | 14-10-2026 لەسەر یاریگەی راشد بن سەعید لە ئیمارات.
  • گەڕی 2: هەولێر × ئیتیفاق | 28-10-2026 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر.
  • گەڕی 3: هەولێر × کازمە | 4-11-2026 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر.
  • گەڕی 4: کازمە × هەولێر | 25-11-2026 لەسەر یاریگەی سەداقە و سەلام لە کوێت.
  • گەڕی 5: هەولێر × عەجمان | 8-12-2026 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر.
  • گەڕی 6: ئیتیفاق × هەولێر | 17-2-2027 لەسەر یاریگەی یانەی ئیتیفاق لە سعودیە.

جێی باسە بەپێی سیستمی پاڵەوانێتییەکە، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان، بە یاوەریی دوو باشترین یانەی پلەی سێیەمی سەرجەم کۆمەڵەکان راستەوخۆ بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی سەردەکەون. یانەی هەولێریش ئامانجییەتی بە سوودوەرگرتن لە یاریگەی خۆی و پاڵپشتیی جەماوەرەکەی، بلیتی قۆناغی داهاتوو مسۆگەر بکات.