بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، وردەکاریی دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی تەقەکردن لە ماڵێک و تێوەگلانی چالاکڤان و بانگخوازی پێشوو (عومەر فەقێ)ـی لە تاوانەکە و هەوڵێکی ڕفاندندا بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 30ـی ئەیلوول، کاتێک کەسێک بە ماتۆڕسکیلێکی دلیڤەری تەقەی لە ماڵی هاووڵاتی (فاتمە ئیبراهیم) لە گەڕەکی زانکۆ کردووە. دوای بەدواداچوونی تیمی تاوانی ئاسایش، ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی (م. ع. ع) ئاشکرا کرا، کە دوای تاوانەکە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا دەستگیر کرا.

لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان و گەڕانەوە بۆ کامێراکانی چاودێری، دەرکەوتووە کە عومەر فەقێ (کە بە ع. م. ف ناوی هاتووە) هاوکاریی تەقەکەرەکەی کردووە و نیشانەی ماڵەکەی بۆ دیاری کردووە تا تەقەی لێبکات. لەسەر ئەم بنەمایە، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا. ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە کە عومەر فەقێ هانی کەسێکی دیکەشی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات.

سەبارەت بە پاڵنەری تاوانەکە، ئاسایش روونیکردووەتەوە کە کێشەیەکی پێشوەختە لە نێوان عومەر فەقێ و کوڕی ئەو ماڵەدا هەبووە کە ناوی (زرار)ـە؛ چونکە پێشتر زرار تەقەی لە نووسینگەی خانووبەرەی عومەر فەقێ کردووە و لە ئێستادا فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە و بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە کە جگە لە دۆسیەی تەقەکردنەکە، عومەر فەقێ پلانی دانابوو و لە بەرامبەر بڕێک پارەدا داوای لە کەسێک کردبوو کەسێکی دیکە بڕفێنێت، و لە ئێستادا بەڵگە و دانپێدانانی تەواو لەسەر ئەم دۆسیەیەش لەبەردەستدایە.