لە هەواڵێکی دڵخۆشکەردا بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کۆنترۆڵی ئاستی شەکری خوێنیان بکەن، نوێترین توێژینەوەی زانکۆی کیۆتۆ لە ژاپۆن نهێنییەکی سادە و سرووشتیی ئاشکرا کردووە؛ تەنیا خواردنی بڕێکی کەم لە زەیتی زەیتوون پێش ژەمەکان دەتوانێت رێگرییەکی بەهێز بێت لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، بەتایبەتی کاتێک ئەو ژەمانە دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدرات.
خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە کاربۆهیدرات وەک برنجی سپی، نان و شیرینییەکان، بەشێکی سەرەکیی سیستمی خۆراکیی مۆدێرنن، بەگوێرەی پسپۆڕان بەرزبوونەوە و دابەزینی خێرای شەکری خوێن دوای خواردنیان، جێگەی نیگەرانییە و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 زیاد دەکات.
توێژەرانی زانکۆی کیۆتۆ لە ژاپۆن، بۆیان دەرکەوتووە خواردنی زەیتی زەیتوون پێش کاربۆهیدراتەکان، بەتاڵبوونەوەی گەدە خاو دەکاتەوە و هەڵمژینی گلوکۆز بۆ نێو خوێن دوادەخات، ئەمەش وادەکات ئەو بەرزبوونەوە خێرایەی شەکر کە بەهۆی خواردنی کاربۆهیدراتەوە روودەدات، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە.
ئەم دۆزینەوەیە، رێگەیەکی کرداری و ئاسان بۆ رێکخستنی شەکری خوێن دەخاتەڕوو، کە پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە لە شێوازی ژیاندا نییە، تەنیا بە خواردنی چەورییەکی تەندروست وەک زەیتی زەیتوون لە سەرەتای ژەمەکاندا، دەتوانرێت یارمەتییدەربێت بۆ جێگیرکردنی ئاستی وزە و زیندەچالاکی.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.