بەرژەوەندیی باڵای هەرێم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی


دوای لێدوان و قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات، پۆڵێک لە ڕەخنە و کاردانەوە لەلایەن بەشێک لە حیزبەکان و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتەوە سەریهەڵدا، بەڵام کاتێک بە چاوێکی سیاسیی واقیعی و بەبێ سۆز سەیری هاوکێشەکان دەکەین، دەبینین کە ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێم نەک هەر بەڕەوا، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانی و بەرپەرسانە بووە، بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی و پاساوەکانی پشت ئەم هەڵوێستە، دەتوانین ئاماژە بە چوار خاڵی جەوهەری بکەین:


١. نەبوونی توانای هەرێم بۆ بوون بە بەشێک لە ململانێی تاران و ئۆپۆزسیۆن؛

ناکرێت و نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک یان مەیدانێک لە ململانێی سیاسی و سەربازیی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی یاسایی و دەستووریی بێلایەنە لە بەرامبەر کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی دراوسێ، ڕاکێشانی هەرێم بۆ ناو ئەم ململانێیە، باجەکەی تەنها وێرانکاری و تێکدانی سەقامگیریی باشووری کوردستانە، جەنگێک کە هەرێمی کوردستان بڕیاردەر و سەرپەرشتیکاری نەبێت، ڕەوا نییە خەڵک و ژێرخانی ئابووریی باشوور باجەکەی بە بۆردومان و ئاوارەیی بدەن.


٢. ئاڵۆزکردنی دۆخەکە بە نمایشی سەربازی و میدیایی

لە سەردەمی سۆشیال میدیا و میدیای هاوچەرخدا، ناکرێت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە نمایشی سەربازی بکەن، وێنە و ڤیدیۆی چەکداری بڵاوبکەنەوە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە خاکی وڵاتێکی دراوسێ بکەن. ئەم ڕەفتارانە هیچ خزمەتێک بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ناکەن، بەڵکو تەنها پاساوی زێڕین دەدەنە دەست ئێران بۆ ئەوەی بە درۆن و مووشەک سەروەریی خاکی هەرێم پێشێل بکات و ناوچە سنوورییەکان بکاتە مەیدانی جەنگ. بەرپرسیارێتیی سیاسی ئەوە دەخوازێت کە ڕێز لە حەرەمی ئەو خاکە بگیرێت کە داڵدەی داون.


٣. پاراستنی هەرێمی کوردستان؛ ئەرکی یەکەم و لەپێشینەی سەرۆک

پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دەستکەوتە دەستوورییەکانی باشوور، ئەرکی یاسایی، نەتەوەیی و لەپێشینەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. نێچیرڤان بارزانی بەرامبەر بە ملیۆنان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بەرپەرسە و ناتوانێت ئاسایش و داهاتووی هەرێم بکاتە قوربانیی دروشم و مانۆڕی سیاسیی لایەنەکان. سەرۆکی هەرێم پابەندە بە پاراستنی ئەم دەستکەوتەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتووە و ئامادە نییە بخرێتە ژێر هیچ هەڕەشەیەکی ناوچەیییەوە.


٤. گرنگیی بەها و وەفاداری بەرامبەر نیشتمانی میواندار (نەک بێئەمەکی)

ناکرێت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێئەمەک بن بەرامبەر ئەو هەموو چاکە و هاوکارییانەی کە جەنابی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان پێشکەشیانی کردووە. لە سەختترین ڕۆژەکاندا، هەرێمی کوردستان وەک نیشتمانێکی میواندار و دەرفەتێکی ئارام داڵدەی دان و ڕەخساندنی ژیانێکی شەرەفمەندانەی بۆ حیزبەکان و خەڵکی سڤیلی ڕۆژهەڵات دابین کردووە تا لە باشوور بە ئارامی بژین. وەڵامدانەوەی ئەم پەناگە و پشتیوانییە مرۆییە بە دروستکردنی کێشەی ئەمنی و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان، بێئەمەکییەکی گەورەیە بەرامبەر بە باشووری کوردستان.


کۆتایی

ڕەخنەگرتن ئاسانە، بەڵام بەڕێوەبردنی وڵاتێک لە نێوان زریانی ململانێ هەرێمییەکاندا پێویستی بە ژیری و بڕیاری ئازایانە هەیە. قسەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر بنەمای واقیعبینی و پاراستنی ماڵی گەورەی کورد بووە، کە لە کۆتاییدا بوونی ئەم هەرێمە بە بەهێزی و ئارامی، لە بەرژەوەندیی باڵای هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا دەمێنێتەوە.