لە دواین دیداری مێریشدا، ئەم ڕاستییە جارێکی تر دووپات بووەوە؛ کە ئەو تەنیا باسی خەم و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو خاوەن دید و دیدگایەکی نەتەوەیی و ستراتیژییە بۆ سەرجەم بەشەکانی دیکەی کوردستان.
کاتێک جەنابیان سەبارەت بە کوردەکانی ناوچەکە هێمای بۆ ئەوە کرد کە دەرفەتی باش بۆ کورد لە تورکیا، سوریا و تەنانەت ئێرانیش هەیە، ئەوە نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە لە گۆڕانکارییە ژیوپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت کورد لەو وڵاتانەدا بە وردی سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن و بیانگۆڕن بۆ دەستکەوت و چارەسەری حەقیقی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانیان.
ئەوەی لەم گوتارەی جەنابیان زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بانگەوازەکەی بوو ، بۆ واقیعبینی و ژیری سیاسی؛ کاتێک دەڵێت کورد پێویستە بارودۆخی تایبەتی خۆی لەو وڵاتانەی تێیدا دەژی لەبەرچاو بگرێت، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە دەبێت سەبر و ئارامگرتنمان هەبێت بەرامبەر ڕووداوە خێرا و ئاڵۆزەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بارودۆخی ئێستای ناوچەکە وا دەخوازێت کە کورد نەک هەر بە سۆز، بەڵکو بە عەقڵانییەت، دیپلۆماسی و تێگەیشتنی قووڵ لە هەموو ئەو ململانێ و ئاڵۆزییانەی ڕوودەدەن مامەڵە بکات.
ئەزموونی سیاسی پێمان دەڵێت: ئەوەی ئێستا لە مەیدانەکەدا هەیە، ڕەنگە هەموو ئەوە نەبێت کە ئێمە ئاواتەخوازین، بەڵکو واقیعێکە کە دەبێت بە هۆشیاری و نەرمونیانییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، تاوەکو لەم قۆناغە سەختەدا دەستکەوتەکان پارێزراو بن و داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان برەخسێت .
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەمیشە زمانی دیپلۆماسی، گفتوگۆ و میانڕەویی بە بنەما گرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کە ئەمەش تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و داکۆکیکردن لە مافی کورد لە پارچەکانی تریش.دیدگا فراوانەکانی جەنابیان هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهێزبوونی هەر بەشێکی کوردستان، پشتیوانییە بۆ بەشەکانی تر، مەرجی سەرکەوتنی ئەمەش بوونی یەکڕیزی و گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتووە بۆ تەواوی کورد .



کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.