لە ئەنجامی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەسەر جووتسایدی گەڕەکی فەرمانبەران لە شاری هەولێر، دوو ئۆتۆمبێل گڕیان گرت و بە تەواوی سووتان، کە بەهۆیەوە دوو گەنج بە سەختی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ڕاشکاوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری پێکدادان لەسەر جووتسایدی گەڕەکی فەرمانبەران روویدا. یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەنزینی بۆ فرۆشتن بار کردبوو، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە دواوە خۆی پێدا کێشا، دەستبەجێ گڕی گرت و بەهۆی سووتەمەنییەکەوە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سووتان."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ دوو تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام پێش گەیشتنی تیمەکان، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گواسترابوونەوە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی قوربانییەکان، سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر روونیکردەوە: "ئەمڕۆ بەیانی دوو کەس گەیێندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر، کە هەردووکیان تەمەنیان 25 ساڵە. بەداخەوە یەکێکیان رێژەی 32٪ـی جەستەی سووتاوە و ئەوەی دیکەشیان 44٪ـی سووتاوە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت."
جێگەی باسە، رووداوەکانی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل لە زیادبووندان؛ بە گوتەی شاخەوان سەعید، تەنیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە هۆکاری جیاواز زیاتر لە 110 ئۆتۆمبێل گڕیان گرتووە و سووتاون.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.