لە هەنگاوێکدا بۆ بووژانەوەی ئابووری و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لەگەڵ بەرپرسانی بانکی رافیدەین بڕیاری دا پرۆسەی پێدانی قەرز بە فەرمانبەران و پارەدارکردنی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت دەست پێبکاتەوە.
وەزیری دارایی عێراق سەردانی بانکی رافیدەینی کرد کە گەورەترین بانکی حکومیی وڵاتە. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی بانکەکە، تاوتوێی بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم کاروبارە بانکییەکان کرا بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی بانکی رافیدەینی راسپارد کە دەست بە پێدانی قەرزی فەرمانبەران و پارەدارکردنی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت بکەنەوە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گەشەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی وڵات.
لەبارەی رۆڵی بانکەکانەوە، فالح ساری بە ئاڤا میدیای راگەیاند: "بانکی رافیدەین لە سیستەمی بانکیی حکومەت و چالاکیی ئابووریدا رۆڵی سەرەکی هەیە و پێویست دەکات کارەکانیشی لە ئاستی ئەو رۆڵەدا بن، هەروەها دەبێت کارئاسانیی پێویست بۆ پێدانی قەرز بە کەرتی تایبەتیش بکرێت."
هەروەها لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، وەزیری دارایی بەشێکی تایبەتی بە خاوەنکار و بازرگانان لەناو بانکی رافیدەین کردەوە. ئەم بەشە نوێیە ئامانج لێی پێشکەشکردنی کارئاسانی و تایبەتمەندیی زیاترە بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی ئەم کەسانە و خێراکردنی پرۆسەی وەبەرهێنان لە عێراقدا.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.