ئەوەی لە یاریگای مۆنۆمێنتال ڕوویدا تەنها ماڵئاواییەکی ئاسایی نەبوو بۆ لیۆنێل مێسی، بەڵکوو بووە شەوێکی پڕ لە ئابڕووچوون بۆ کلاودیۆ تاپیای سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین!
چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی یارییەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر بێنین، لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ساتە سۆزدارییەکەی مێسی بوون، هاندەران یاریگاکەیان بەسەر سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێدا هێنایە خوارەوە و دەستیان بە دروشم و جنێودان کرد.
وەک ئەوەی لە ڕۆژنامەی 'لا ناسیۆن'ـی ئەرجەنتینیشدا پشتڕاست کراوەتەوە، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هاندەران بۆ ناو یاریگا، بە کۆمەڵ دەیانگوت: "چیکی تاپیا، ئەی شکستخواردۆ! چیکی تاپیا، ئەی کوڕی سۆزانی!"
ئەم شەپۆلە تووڕەییە سەرەتا لە نهۆمی سەرەوەی ستاندی 'سێنتێناریۆ'وە سەری هەڵدا، بەڵام زۆری نەخایاند وەک ئاگر بڵاوبووەوە بۆ بەشەکانی تری یاریگاکە، بەتایبەت ستاندی بەناوبانگی 'سیڤۆری' کە شوێنی هاندەرە سەرسەختەکانی ریڤەرپلەیتە و دەنگیان یاریگاکەی هەژاند.
خوانما توچی، ڕۆژنامەنووسی ئەرجەنتینی لەسەر ئەم ڕووداوە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: "ئەوەی لێرە لە مۆنۆمێنتال دەیبینین سووکایەتییەکی گەورەیە بە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ.. بێگومان لەناوبردنی تۆپی پێی ئەرجەنتین کارێکی بچووک نییە تا خەڵک لێی بێدەنگ بن."
تەنانەت کاتێک یارییەکەش کۆتایی هات و ئاسمانی یاریگاکە پڕ کرا لە درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ سڵاوکردن و ڕێزلێنان لە مێسی، هاندەران هێشتا دڵیان ئاوی نەخواردبووەوە و جارێکی تر بە قسەی زبر و جنێو پێشوازییان لە سەرۆکی یەکێتییەکە کردەوە!


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.