لە ئاشکراکردنێکی بێپێشینەدا کە قەبارەی تاڵانکردنی کەلەپووری کوردی دەردەخات، توێژینەوەیەکی بەرفراوانی میوزیکی سەلماندی کە نزیکەی پێنج هەزار گۆرانیی فۆلکلۆر و رەسەنی کوردی، بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ مۆڵەت دەستکاری کراون و وەک بەرهەمی تورکی بە جیهان ناسێنراون.

لە لێکۆڵینەوەکەدا کە لەلایەن توێژەر و میوزیکۆلۆگی کورد "وەیسی ڤارلی"ـەوە ئەنجام دراوە، زیاتر لە 28 هەزار گۆرانیی کوردی خراونەتە ژێر پشکنین و بەراوردکاریی وردەوە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە لەو ژمارەیە، 4 هەزار و 971 گۆرانی بە ناڕەوا و بێدەستوور دەستکاری کراون و میلۆدی و تێکستەکانیان کراونەتە تورکی، کە ئەمەش بە ئاشکرا بە "دزینی هونەری" هەژمار دەکرێت.

وەیسی ڤارلی، لەبارەی لێکۆڵینەوەکەی ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو گوشار، ستەم و قەدەغەکارییە مێژووییەی لەسەر زمان و چاندی کوردی هەبووە، بەرهەمە هونەرییە کوردییەکان وەک "ماڵی تاڵانکراو" کەوتوونەتە بەر شاڵاوی دزین؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هونەر و کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردی ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی ڕەگەزپەرستانەی لەو شێوەیە ببێتەوە.

ڤارلی کە ئێستا تەمەنی 68 ساڵە، لە ساڵی 1988ـەوە بەردەوامە لەسەر ئەم توێژینەوەیە. ناوبراو پێشتر لە نێوان ساڵانی 1972 تا 1988 سەرقاڵی کاری میوزیکژەنی بووە و لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (دلگەش) و (برادەر) لەنێو گرووپی "کۆما دەنگی شۆڕش" کاری کردووە، بەڵام دواتر وازی لە ژەندن هێناوە و وەک شارەزایەکی بواری میوزیکۆلۆجی، تەمەنی خۆی بۆ بەبەڵگەکردنی ئەو گۆرانییە کوردییانە تەرخان کردووە کە کراونەتە تورکی.

توێژینەوەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دزین، تاڵانکردن و شێواندنی دەق و ئاوازە ڕەسەنەکان، میوزیکی کوردی توانیویەتی بە زیندوویی بمێنێتەوە و وەک قەڵایەکی پتەو پارێزگاری لە هونەر، کەلتوور و ناسنامەی گەلی کورد بکات.