سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگەی پایتەخت، دەنگۆی دەستبەکاربوونەوەی بەشێک لە پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەولێر جارێکی دیکە بووەتە جێگەی نیگەرانیی هاونیشتمانیان، لە بەرامبەریشدا لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداریی تووند دەدەن کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بەم سەرپێچییە نادەن.
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان راگەیاندووە کە بەشێکی پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنووری هەولێر بە نهێنی دەستیان بە کار کردووەتەوە. سەبارەت بەم پرسە، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون و رێگە بە کارکردنیان نادرێ. هەربۆیە رەتی دەکەینەوە هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی بە فەرمی دەستی بە کار کردبێتەوە".
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە روونیکردەوە: "ئێمەش ئاگادار کراوینەتەوە کە دوو بۆ سێ پاڵاوگەی نایاسایی کاریان دەستپێکردووەتەوە، بەڵام شوێنیان نادیارە و زیاتر بە شەوان و بە دزی و نهێنییەوە کار دەکەن". ناوبراو داواشی لە هاونیشتمانیان کرد کە هەرکاتێک هەستیان بە کارکردنی پاڵاوگەیەکی نایاسایی کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، و جەختیشی کردەوە: "نەوەکو داخستنی پاڵاوگەکە، بەڵکو خاوەنەکەشی دەستگیر دەکرێ و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو 153 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستاندا هەبوون کە 139ـیان لە هەولێر و 14 لە دهۆک بوون. لە بەرامبەردا، تەنیا سێ پاڵاوگەی یاسایی و مۆڵەتدراو هەن کە بریتین لە: کار، لاناز و قەیوان. پێشتر بە فەرمی داخستنی 85 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر راگەیێندراوە.
لەبارەی کواڵیتیی هەوای شارەکەوە، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە هەوای هەولێر بەراورد بە رابردوو زۆر باشتر بووە و ئەو تەمومژەی لەم رۆژانەدا دەبیندرێت زیاتر بەهۆی خۆڵبارینەوەیە، نەک دووکەڵ.
هەروەها دەستەی ژینگە لە راگەیێندراوێکی ئابی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا 3689 موەلیدە کوژێندراونەتەوە، کە بەهۆیەوە رۆژانە 690 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کەمبووەتەوە. هاوکات رێژەی سەوزاییش لە 15%ـەوە بۆ نزیکەی 20% بەرز بووەتەوە. جێگەی باسە لە ساڵی 2024ـدا، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بڕیاریدا کە چیتر رێگە بە کارکردنی هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی نەدرێت.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.