وەزارەتی بەرگریی چین رەتیدەکاتەوە لە کاتی شەڕدا هاوکاریی سەربازیی ئێرانی کردبێت و راشیگەیاند، پەیوەندییە سەربازییەکانیان لەگەڵ عێراق "دۆستانەن" و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولادا هەیە.

 

رۆژی پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، ژانگ شیاو گانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەوەی ئایا وڵاتەکەی سیستەمی بەرگری و درۆنی داوەتە ئێران رایگەیاند: "چەندین جار وەڵامی ئەم بابەتانەمان داوەتەوە و دژی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستین."

 

سەبارەت بە ئەگەری پێدانی سیستەمی بەرگری و درۆن بە عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین بە رووداوی گوت، "پەیوەندییەکانی نێوان سوپای چین و عێراق دۆستانەن و هەردوولا بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی."

 

ئەم قسانەی وەزارەتی بەرگریی چین هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەندێک راپۆرت لە میدیای ئەمریکی کە ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران سیستەمی بەرگریی لە چین وەرگرتووە. 

 

ژانگ شیاو گانگ گوتی: "چین لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا هاوئاهەنگی دەکات و رۆڵێکی بونیاتنەر دەگێڕێت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی جیهان و ناوچەکەدا."