زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر، مەرج و میکانیزمەکانی خۆتۆمارکردنی بۆ ئەو قوتابییانە بڵاوکردەوە کە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) لە کۆلێژەکانی زانکۆکە وەرگیراون. هاوکات ئاگاداری قوتابییان دەکاتەوە کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە پرۆسەی سەردانیکردنی هۆبەی تۆماری کۆلێژەکان بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکان دەست پێدەکات.

بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە قوتابییان ئەم هەنگاو و ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:

یەکەم: قۆناغی خۆتۆمارکردنی ئەلیکترۆنی پێویستە قوتابییانی وەرگیراو سەرەتا لە ڕێگەی لینکی فەرمیی زانکۆوە، فۆرمی ئەلیکترۆنیی زانیارییەکان بە بەکارهێنانی ئیمەیڵ و کۆدی زانکۆلاین پڕبکەنەوە. بۆ ئاسانکاریی زیاتریش، لە ڕێگەی کۆدی تایبەتەوە (QR Code) ڕێنمایی و ڤیدیۆی فێرکاری تایبەت بە چۆنیەتیی هەنگاوەکانی خۆتۆمارکردن بەردەست خراوە.

دووەم: بەڵگەنامە پێویستەکان لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا، پێویستە قوتابی وێنە یان سکانی ڕوونی ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە بە فۆرماتی (JPG یان JPEG) بار (ئەپڵۆد) بکات، بە مەرجێک قەبارەی هەر فایلێک لە ١٠ مێگابایت زیاتر نەبێت: ١. کارتی نیشتمانی (ڕووی پێشەوە و پشتەوە). ٢. کارتی زانیاری (ڕووی پێشەوە و پشتەوە). ٣. وێنەی شاشەی پەڕەی وەرگرتن (ZankoLine Acceptance) لە سیستەمی زانکۆلاین. ٤. وێنەیەکی کەسیی نوێ بە پاشبنەمای سپی، بەبێ بەکارهێنانی فلتەر یان دەستکاریی ژیریی دەستکرد (AI). ٥. وێنەی لاپەڕەی زانیارییەکانی پاسپۆرت (ئەگەر هەبێت).

سێیەم: ڕێنماییە کارگێڕییەکان و خاڵە گرنگەکان

  • سنوورداریی پڕکردنەوە: هەر قوتابییەک تەنیا «یەک جار» مافی پڕکردنەوەی ئەم فۆرمەی هەیە. زانیارییەکانی وەک ئیمەیڵ، کۆدی زانکۆلاین و ژمارەی کارتی نیشتمانی تەنیا بۆ یەک داواکاری بەکاردێن و دواتر قابیل بە گۆڕانکاری نین.
  • وردیی ناوەکان: پێویستە ناوی سیانیی قوتابی بە زمانی کوردی بە تەواوی هاوشێوەی کارتی نیشتمانی بێت. هەروەها بە زمانی ئینگلیزیش بە پیتی گەورە (CAPITAL) بنووسرێت، بۆ مەبەستی بەکارهێنانی لەسەر ناسنامەی زانکۆیی بە شێوەیەکی دروست.
  • مەرجی بارکردنی بەڵگەنامەکان: ئەگەر قوتابی خۆی تۆمار بکات بەڵام بەڵگەنامەکان بار نەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ داواکارییەکەی بەبێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە، فۆرمەکەی دادەخرێت و مافی خۆتۆمارکردنەوەی بە هەمان زانیاری نامێنێت.

چوارەم: سەردانیکردنی هۆبەی تۆماری کۆلێژ دوای ناردنی فۆرمەکە بە شێوەی سەرھێڵ (ئۆنلاین)، پێویستە قوتابی فۆرمەکە دابەزێنێت و چاپی بکات (Print). پاشان لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ هۆبەی تۆماری ئەو کۆلێژەی لێی وەرگیراوە، بە مەبەستی کردنەوەی فایلی فەرمیی قوتابیبوون.

لینکی فەرمیی خۆتۆمارکردن: https://registration.su.edu.krd/Admissions/Start