لە دیدارێکی باڵادا لە هەولێر، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جۆناسان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا، پرسی ئاسایشی ناوچەکە و خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا و شاندێکی باڵای یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان کرایەوە.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و سەربازیدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. هاوکات جەخت لەسەر هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە کراوەتەوە.

تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و خێراکردنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

لە کۆتاییشدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بەگشتی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان خرانە روو و بیروڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.