ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری لێخۆشبوونی تەواوەتیی لە رسووماتی گومرگی بۆ سەرجەم سیستەمەکانی وزەی خۆری هاوردەکراو دەرکرد، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە.

سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە سفرکردنەوەی تەواوەتیی باجی گومرگی لەسەر سیستم و پێداویستییەکانی وزەی خۆر کە هاوردەی وڵات دەکرێن. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەم بڕیارە بە مەبەستی پشتیوانیکردنە لە کەرتی تایبەت، هاوکات هەنگاوێکە بۆ هاندان و ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتییان تاوەکو روو لە کڕین و دانانی ئەم سیستەمانە بکەن لە ماڵ و شوێنە گشتی و بازرگانییەکانیاندا. ئەمەش وەک دەستپێشخەرییەکی گرنگ دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا، دابەزاندنی تێچووی وزە بۆ هاووڵاتییان و هەنگاونان بەرەو فراوانکردنی ژێرخانی وزەی نوێبووەوە و ژینگەدۆستی لە سەرتاسەری عێراقدا.

لەلایەکی دیکەوە، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند کە بڕیاری ژمارە 576ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وەک هێلکە، مریشک، گۆشت، ئاژەڵ و دەرمانیش چووه‌تە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەکەیان رێکاری پێویستی لە سەرجەم خاڵە گومرگییەکان گرتووەتەبەر بۆ خێراکردنی پرۆسەی هاوردەکردن و پاکتاوکردن بەبێ کۆسپ.

ئەم هەنگاوانەی حکوومەت دوای ئەوە دێن کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 6ـی تشرینی یەکەم بۆ دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە 1520 دینار، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکاندا. ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی رایگەیاندبوو کە بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە، نرخی هەموو شتێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان گران بووە، بۆیە ئەم سووککردنە گومرگییانە هەوڵێکن بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییە لەسەر شانی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکان بە نرخێکی گونجاو.