لە لێدوانێکی نوێیدا کە رەنگدانەوەی پێشهاتە خێراکانی جەنگەکەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتەکەی دەتوانێت لەم کاتەدا لە جەنگی دژی ئێران بکشێتەوە، بەڵام راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بە یەک مەرجی سەرەکییەوە بەستەوە کە ئەویش رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی کانساس تیشکی خستە سەر قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتوون و جەختی کردەوە: "توانای سەربازیی تاران بەتەواوی وێران بووە؛ هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، سیستەمەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانییان تێکشکێندراون و 229 فڕۆکەی جەنگییان لەناو براون."

ترەمپ لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە کێشەیەکی نوێ کرد کە رووبەڕوویان بووەتەوە بۆ دانوستان، ئەویش نەبوونی کەسایەتیی باڵایە لە ئێراندا. بە گوتەی ئەو، "سەرکردایەتیی پلە یەک و دووی ئەو وڵاتە نەماون و سەرکردایەتیی پلە سێیەمیشیان نیوەیان لەناو براون، ئەمەش وای کردووە نەزانین لەگەڵ کێ دانوستان بکەین." هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەو سەرکردانەی ماونەتەوە، بۆ راگرتنی هێرشەکان داوای گەرەنتییان کردووە بۆ ئەوەی چارەنووسیان وەکوو بەرپرسە کوژراوەکانی پێش خۆیان نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی ئێران کرد و رایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی تاران لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی 75 هەزار خۆپیشاندەریان کوشتووە. لە کۆتاییشدا بیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، قاسم سولەیمانی بە فەرمانی راستەوخۆی ئەو کوژرا.