دوای ماوەیەک لە راگیرانی، پرۆسەی دامەزراندن بە گرێبەست (لەجێدانان) لە هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناخێکی نوێوە. ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی نووسراوی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەی ئاراستەی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە کردووەتەوە و، لە ئێستاشدا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تاوتوێکردنی رێنماییەکانی چۆنیەتیی گرێبەستکردنە.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسراوی دەستپێکردنەوەی لەجێدانانی بۆ وەزارەتمان ناردەوە و تەنیا رێکارەکانی دیکە ماون بۆ دەستپێکردنەوەی گرێبەستکردنیان".
سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی رێنماییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی راژە و وەزارەتی داراییەوە بۆ دەستپێکردنی دامەزراندن، ناوبراو روونیکردەوە: "ئاگادارین وەزارەتی دارایی تاوتوێی رێکارەکانی کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە دەرکردنی رێنماییەکان و بۆ ئێمە نەنێردراون".
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دەرکردنی رێکارەکان، وەزارەتەکەیان نزیکەی 1000 کەس وەکو گرێبەست بەگوێرەی رێنماییەکان لە جێگەی ئەوانە دادەمەزرێنێت کە بە هەر هۆکارێک بێت لە کاردا نەماون. جەختیشی کردەوە کە هەموو دەرچووان مافیان هەیە داوای گرێبەستبوون بکەن، بەو مەرجەی بڕوانامەکانیان هاوتای ئەوانە بێت کە لە جێگەیان دادەنرێن.
پێشتر بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە ژمارە 9722 لە رۆژی 09-08-2026 بە واژۆی د. ئومێد سەباح دەرچووبوو، کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان بە هەموو شێوەیەک راگیرابوو. ئەم بڕیارەی دەستپێکردنەوەیە وەزارەتی پەروەردەش دەگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی راژە رێنماییەکانیان بۆ ئەوانیش نەناردووە.
جێگەی باسە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 16-09-2026 بڕیاری دەستپێکردنەوەی لەجێدانان پەسند کرا، و لە 10-10-2026 نووسراوی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەرکراوە و ئێستا رەوانەی وەزارەتەکان کراوەتەوە. بەگوێرەی رێنماییەکان، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆران دەتوانن داواکاریی دامەزراندن بە گرێبەست پێشکێش بکەن.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.